۱۳۹۲ آذر ۱۲, سه‌شنبه

راگەیاندنی کومیتەی دەرەوەی وڵات به بۆنەی مەرگی مامۆستا عومەر نگڵ

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوه ئاگادار بووین هاوڕێ و دڵسۆزی کۆمەڵه و تێکۆشەر و خەباتکاری دێرینی گەلی کورد بەڕێز مامۆستا عومەر ئەحمەدزاده ناسراو به مامۆستا عومەر نگڵ سەر له بەیانی رۆژی دووشەممه رێکەوتی ٢ی دیسامبر له تەمەنی ٧٣ ساڵیدا له شاری کۆڵنی ئاڵمان ماڵئاوایی له ژیان کردووه و داخی گەورەی خسته دڵمانەوه.
مامۆستا عومەر نگڵ تێکۆشەری خۆشەویست و خۆشناوی گەلی کورد بوو که له خەبات و شۆڕشەکانی هەر دوو بەشی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە گەرمی بەشداری کرد و زیاتر له نیو سەده بۆ رزگاری گەلی بندەستی کورد تێکۆشا. جێی ئاماژەیه مامۆستا عومەر که کادری کۆمەڵه بوو سەردەمێک له رادیۆ کۆمەڵه کاری دەکرد و لەم رێگایەوه خزمەتی بەرچاوی به کۆمەڵه و گەلی بێبەشی کورد کرد.
به لە دەستدانی بەڕێز مامۆستا عومەر نگڵ گەلی کورد و چەوساوەکانی کوردستان تێکۆشەرێکی نەسرەوتوویان له دەستدا و خەمی گەورەش کەوته دڵی ئێمه و هەموو خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان. ئێمه سەرەخۆشی خۆمان له بنەماڵه و هاوڕێیانی مامۆستا عومەر دەکەین و خۆمان به شەریکی خەوم پەژارەیان دەزانین.


کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کومیتەی دەرەوەی وڵات
ڕێکەوت: ٢ی دیسامبری ٢٠١٣

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر

توجه:فقط اعضای این وبلاگ می‌توانند نظر خود را ارسال کنند.