۱۳۹۳ اردیبهشت ۴, پنجشنبه

راگەیاندنی کۆتایی پلێنۆمی دووهەمی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی چواردەهەمی حیزب، دووهەمین کۆبوونەوەی خۆی لەشێوەی پلێنۆمی کۆمەڵەدا بەرێوەبرد. لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە بەشداری ئەندامانی سەرەکی و جێگری کومیتەی ناوەندی و هەروەها هاوکاران پێکهاتبوو و بۆ ماوەی سێ رۆژ و نیو درێژەی کێشا، هەندێ لە گرنگترین پرسەکانی بەردەم بزووتنەوە و کۆمەڵە خرایە بەرباس و هەڵسەنگاندن و بڕیاری لە سەر درا. جێگای ئاماژەیە کە کۆمیتەیەکی تایبەت ئامادەکاری بۆ پلێنۆمی لە ئەستۆ بوو و هەروەها راپۆرتی نووسراوی ئۆرگانەکان و بوارە جۆراوجۆرەکانی چالاکی حیزبی بۆ خوێندنەوەو ئاگاداریان خرابووە بەردەستی بەشدار بووانی پلێنۆم. پاش بڵاوبوونەوەی سروودی رەسمی کۆمەڵە و یەک خولەک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانبەخت کردووان، پلێنۆم دەستوور کاری پێشنیاری کومیتەی ئامادەکاری پلێنومی پەسەند کرد و چووە بواری باس و هەڵسەنگاندنی کار و چالاکییەکان. بەندەکانی دەستووری کۆبوونەوە کە هەر کامەو ناسێنەرو باسکاری خۆی هەبووە ئەم بابەتانەی لە خۆ دەگرت: " لێکدانەوەیەک لە بارودۆخی سیاسی و سەردێڕی سیاسەت و ئەرکەکانی ئێمە لە قۆناغی ئێستاکەدا"، " پرسی یەکگرتنەوە"، " پرسە ناوخۆییەکانی حیزب"، " رێکخستنی دەرەوەی وڵات"، " پێوەندییە نێونەتەوەییەکان"، " پرسە ئەمنیەتییەکان"، " پەروەردە و راهێنانی هێزی پێشمەرگە"، " کۆنفڕانسی نۆهەمی کۆمەڵە". 

تەوەری لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسی و سەرخەتی سیاسەت و ئەرکەکانی ئێمە لە قۆناغی هەنووکەدا لە لایەن سکرتێری گشتی کۆمەڵە پێشکەشکرا و خرایە بەر باس و هەڵسەنگاندن و بیروڕاگۆڕینەوەی بە کەڵکی بەشدار بووان و لە کۆتاییدا بە قەرارێک جەختی لە سەر کرایەوە و پەسەندکرا و لە بەرپرسانی راگەیاندنەکان و ئۆرگانەکانی حیزب داواکرا کە لەو ئاراستەیەدا کار بکەن. لەم تەوەرەدا پاش هەڵسەنگاندنی کورتەیەک لە دۆخی ئابووری و سیاسی کۆماری ئیسلامی لە مانگەکانی رابردوودا، سازشی ئەتۆمی و بەداواهاتەکانی لە بارودۆخی ناوچەیی و ناوخۆی وڵات، سیاسەتی ناوخۆی دەوڵەتی روحانی بە تایبەت لە پێوەند لەگەڵ کوردستان، لە سەر پێویستی پەسەند کردن و بە هێزکردنی بزووتنەوە داخوازی تەوەرە جۆراوجۆرەکان، گرنگی بزووتنەوە مەدەنییەکان و بەهێز کردنیان لە بچووکەوە تا گەورە، داخوازییەکان و بزووتنەوەی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، کۆڵبەرانی کورد، مافی مرۆڤ، ژینگە، زیندانیانی سیاسی و بە تایبەت بە لەبەر چاوگرتنی بەستێنێک کە ئەم بزووتنەوانە لەم دەورەی دواییەدا لە کوردستان دۆزیویانەتەوە، جەختی کردەوە. هەروەها پلێنۆم لە سەر گرنگی پێکهێنانی یەکگرتووییەک و هاوپەیمانییەکی بەرین لە کوردستان و رۆڵی لە سەر درووستبوونی گڕوتینی سیاسی لە کوردستان و کاریگەری ئەرێنی لە ئاستی گشتی ئێراندا جەختی کردەوە و لە سەر درێژەدان و چڕتر کردنەوەی چالاکییەکانی سەرکردایەتی کۆمەڵە لەو پێناوەدا جەختی دووبارەی کردەوە. پلێنۆمی دووهەمی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە درووستی سیاسەتی کۆمەڵەی لە پێوەند لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و بە تایبەت ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆکراتیک و پێشکەوتووی وەبێرهێنایەوە و لە سەر بەشداری و ئیبتیکاری عەمەل لە کاری یەکگرتوویی دەروونی ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆکراتیکی ئێران وەکوو یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی حیزبی ئێمە سەر لە نوێ جەختی کردەوە و هەروەها دوبارە جەختی کردەوە لە سەر پێویستی هەوڵدان بۆ هێنانە دەرەوەی ئۆپۆزیسیۆن لە حاڵەتی دەستەوەستانی و چاوەڕوانی و دووبەرەکی ئێستاکەدا. لەم ئاراستەیەدا لەوانە لە سەر پێویستی بە هێز کردنی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێران و و هەروەها لەو پێناوەدا دووپاتیشی کردەوە کە ئەم دامەزراوەیە بۆ رۆڵگێڕانی کاریگەرتر هەوڵ و تێکۆشانی زیاتر بدات. 

پلێنۆمی دووهەم لە تەوەری لێکدانەوەی دۆخی سیاسی و دیاری کردنی سیاسەتەکان و ئەرکەکانی قۆناغی ئێستا لەوانە ئاڵوگۆڕەکانی کوردستانی عێراق و ئاڵۆزییە تازەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی، ئاڵوگۆڕەکانی کوردستانی تورکیا و هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی شارەدارییەکان لەو وڵاتە و کاریگەرییەکانی لە سەر پرۆسەی ئاشتی، ئاڵوگۆڕەکانی سوریا و کێشە ناوخۆییەکانی کوردستانی سوریای هەڵسەنگاند و لە سەر سیاسەتە بەرپرسانەکانی کۆمەڵە لەو بوارانەدا جەختی کردەوە و پێویستی بەرێوە چوونی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە هەولێری وەبیرهێنایەوە. لە باسی "یەکگرتنەوە"شدا کە لە لایەن ئەنوەر محەمەدی ئەندامی دەفتەری سیاسی و ئەندامی کۆمیتەی وتووێژ لەگەڵ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پێشکەشکرا، وێڕای خوێندنەوەی راپۆرتێکی نووسراو لە رەوتی تا ئێستا و تاوتۆی کردنی لە لایەن بەشداربووان، پلێنۆم سیاسەتەکانی تاکوو ئێستای لە پێوەند لەگەڵ ئەو پرسە بە کەڵک و گرنگ هەڵسەنگاند و لە سەر پێویستیی درێژەدان و خێرایی دانی زۆرتر بە کاری یەکگرتنەوەی دووبارە و هەوڵدان بۆ قەتعی کردنی لە داهاتووداییەکی نزیک جەختی کردەوە و قەراری پێویستی لەو پێناوەدا پەسەند کرد.

لە بەشێکی تری کارەکانی خۆییدا، پلێنۆمی دووهەم راپۆرتی ئەبووبەکر مودەڕسی جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵەی لە پێوەند لەگەڵ دۆخی دەروون حیزبی دایە بەر باس و تاوتوێ کردنی کارساز. لە درێژەی پلێنۆمی دووهەمدا لە سەر بەڵێنی خەوش هەڵنەگری خۆی بۆ پێشبردنی خەتی مەشی کۆنگرەی چواردەی کۆمەڵە لە بارەی بەهێز کردنی یەکگرتوویی دەرونی و دابین کردنی پتەویی حیزبی پێداگری کرد و لە سەر پێویستی درێژەدان و بە هێز کردنی ئەم سیاسەتە وەکوو یەکێک لە کۆڵەکەکانی سەرکەوتنی کۆمەڵە و وەدیهاتنی ئامانج و سیاسەتەکانی لە کوردستان پێداگری کرد. پلێنۆم لە بەشێکی تری کارەکانی خۆی دوابەدوای خوێندنەوەی راپۆرتی نووسراو و گوێ گرتن لە راپۆرتی زارەکی لە بابەت چالاکییە نێونەتەوەییەکانی کۆمەڵە کە لە لایەن ناهید بەهمەنی بەرپرسی کۆمیتەی پێوەندیدار پێشکەشکرا، دەستی دایە پرسیار و راگۆڕینەوە سەبارەت بە ئەو چالاکیانە و لە سەر درێژەدان و پەرەدان بە کار کردن لەو بوارەدا بە مەبەستی ناساندنی زۆرتری خواستەکانی گەلی کورد، لە قاودانی پێشلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان و لە هەموو ئێران بۆ کۆمەڵگای جیهانی و بە دەستهێنانی پشتیوانی بۆ بەرگری کردن لە ئەمری گۆڕانی دێمۆکراتیک لە ئێران جەختی کردەوە.

پلێنۆمی دووهەمی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی چواردەهەم پاش بیستنی راپۆرتی جەلال ناوە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی لە پێوەند لەگەڵ دۆخی تەشکیلاتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات لە بابەت پرسەکانی ئەو بەشە لە تەشکیلات و هێنانە ئارای پێشنیار بە مەبەستی کارکردی چاکتری دەستی دایە قسەو باس و بیروڕاگۆڕینەوە. لەم ئاراستەیەشدا پلێنۆم لە سەر پێویستی ئامادە کردنی بەڵگەیەکی نەخشە عەمەلی شەش مانگە تا یەکساڵە لە دەرەوەی وڵات بە پێی ئەزموونەکان و هەوڵەکانی تاکوو ئێستای هێنایە بەر باس و لێکدانەوەو رێککەوت و نووسینی ئەو بەڵگەیەی بە دەفتەری سیاسی سپارد. 

پلێنۆم بە پێی لێکدانەوەی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە ناوچەکەدا روودەدا و راپۆرتە جۆراوجۆرەکان، زۆر بوونەوەی مەترسییە ئەمنیەتییەکان و چوونە سەرەوەی ئەگەری کردەوەی تێرۆریستی رژیمی کۆماری ئیسلامی لەم دەورەیەی وەبیر هێنایەوە و جەختی کردەوە کە ئەم ئەگەرە لەم دەورەیەدا زۆرتر بووەتەوە نەک کەمتر. 

یەکێکی دیکە لەو پرس و بابەتانەی لە پلێنۆمی دووهەم کەوتە بەر باس و لێکدانەوە بارودۆخی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو کە لەلایەن عەبدوڵڵا ئازەربار بەرپرسی کۆمیسیۆنی نیزامی پێشکەش بە پلێنۆم کرا. لەم بابەتەدا جەخت کراوە لەسەر گرنگی پەروەردە و راهێنانی پێشمەرگانە بە مەبەستی بردنە سەرەوەی هێزی پاراستن و توانای ئەم هێزە و پلانڕێژی درووست لەم پێناوەداو لەکۆتاییشدا قەراری پێویست لەو بوارەدا دەرکرا. 
پلێنۆمی دووهەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە لە بەشەکانی تری کاری خۆی لە سەر پتەو کردن و پەرە پێدانی کاری رێکخستن، سازماندانی کاروباری پەروەردە، پەرە پێدانی ئامانجدارتر و بە هێزتری گوتاری کۆمەڵە و بە هێز کردنی کاری راگەیاندن، پێکهێنانی ناوەندێکی چاپ و بڵاوکردنەوە، وەریَِخستنی "ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتێژیکی رۆژهەڵات" کە تاکوو ئێستا دوو لێکۆڵینەوەی لە توێی دوو کتێبدا بڵاو کردووەتەوە، پێداگری کرد و قەرار و بڕیارگەلی پێویستی لە هەر کام لەو بوارانەدا گرتە بەر. پلێنۆمی دووەم لە بەشێکی تری دەستووری کاری خۆی هەروەها بەرێوەبردنی کۆنفرانسی نۆهەمی لە رەهەندە جۆراوجۆرەکانەوە دایە بەر باس و وێڕای پەسەند کردنی بنەماکانی کۆنفڕانسەکە، لێژنەیەکی راسپاد بۆ تاوتوێ کردنی چۆنییەتی و دیاریکردنی کاتەکەی. دووهەمین پلێنۆمی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی چواردەهەمی ئەو حیزبە، لە کۆتاییدا دەفتەری سیاسی هەڵبژێردراوی پلێنۆمی پێشووی لە کاری خۆیدا هێشتەوە و بەمشێوەیە پاش سێ رۆژ و نیو کاری چڕوپڕ و پڕ دەستکەوت کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا. 
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
4ی گوڵانی 1393ی هەتاویی بەرانبەر بە 24ی ئاپریلی 2014

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر

توجه:فقط اعضای این وبلاگ می‌توانند نظر خود را ارسال کنند.