۱۳۹۳ خرداد ۲, جمعه

عەبدوڵڵا موهتەدی: هیچ رژیمێکی دیکتاتۆر ناتوانێ لەبەرابەر بزووتنەوەی جەماوەری خۆڕاگری بکات


کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ لە سۆئێد بەردەوامەو ئەمڕۆ بەرێز عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتی کۆمەڵە وتارێکی سەبارەت بە پرسی پێویستیی یەک گوتاری و هاوپەیوەندیی هێزە دێمۆکراتیکەکان لە ئێران پێشکەش بە بەشدار بووانی سمینارەکە کرد

ئاسۆی رۆژهەڵات: وەک پێشوتر لە هەواڵەکانی ئاسۆی رۆژهەڵات بڵاو کرایەوە ئەمڕۆ یەک شەممە 28ی گولان لە درێژەی دووەم رۆژی کارەکانی سمیناری کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ و لە پانێلێکی دیاریکراو لەسەر "پرسی پێویستیی یەک گوتاری و هاوپەیوەندیی هێزە دێمۆکراتیکەکان" بەرێز عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتی کۆمەڵە یەکیک لە باسکارانی ئەم تەوەرە بوو. 

بەریزعەبدوڵڵا موهتەدی لە بەشێک لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە دوو جۆر هۆکار یان دو جۆر ترس لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کردو رایگەیاند: 

دوو هۆکار یان باشترە بڵێم دۆجۆر ترس لەو لەمپەرانە بوون کە رێگریان کردووە لە یەکگرتوویی هەمە لایەنەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە ئێران، یەکیان ترس بووە لە هێرشێکی نیزامی ئامریکا بۆ ئێران و ئەوەی دیکەیان ترس بوو لە دابەش بوونی ئێران. ئەم دوو هۆکارە یان بوونی ئەم دو جۆر ترسە بەشێوەی راستەوخۆ کاریگەری بووە لەسەر مانەوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی. هێرشی نیزامی بۆ سەر ئیران راستەوخۆ بۆتە هۆی دروست بوونی سەف بەندییەکی تەواو زیانبار و دەستکرد لە لە بەرابەر هێرشی ئامریکا بۆ ئێران لە ساڵانی رابردووداو ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هەڵوێستی جیاواز و زۆر جار دژ بە یەک بگرن. ئەو هەروەها لەدرێژەی ئەم باسەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستاکە و پاش هاتنە سەرکاری ئۆباما ئەو گریمانەیە لاواز بووەو و پێشوتریش بوونی شتێکی لەو چەشنە بەهێز نەبوو، بەڵام بووە هۆی وەڕێخستنی پانیکێکی لەو جۆرەو ریزبەندییەکی ناپێویست و دژ بەیەک لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا.

بەرێز عەبدوڵڵا موهتەدی لە بەشێکی دیکەدا ئاماژەی بە هۆکارەکەی دیکە کردو رایگەیاند، هەر جۆرە هەوڵ وتێکۆشانێک لە پێناو گۆڕانکاری ئێران بەو مانا پێناسە دەکرێ کە هەوڵی لەو بابەتە دەبێتە هۆی دابەش بوونی ئێران و بەو بۆنەوە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن بەو بڕوایە گەیشتبون کە بوونی دێمۆکراسییەک لە ئێران بەو شێوەیە دەبێتە هۆی ئاڵۆزی و دابەش کردنی ئێران و کەواتە بوونی کۆماری ئیسلامی قەبووڵ بکرێت شیاوترە لەوەی کە ئێران بڕوات بەو ئاقارەدا. 

بەرێز عەبدوڵڵا موهتەدی هەروەها دەڵێت: ئەگەر قەرار بێت ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکە دابەش بکرێت بەهۆی بوونی هەڵاواردن و ئیسبتداد ئەو وڵاتە دابەش دەکرێت نە بە هۆی گەشەی دێمۆکراسی وەدی هاتنی مافەکانی خەڵک. ئەو هەروەها وێڕای دەست خۆشی لە گرتنی سمینارێکی لەو چەشنە لە لایەن کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێران، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بەشداری کەمی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی سەرتاسەری راگەیاند و وتی: پێویستە لێرەدا رەخنەیەک بگیرێت لەو کەس و لایەنانە سەرتاسەرییانەی کە بەردەامن لە بەشداری نەکردن و ترسیان هەیە لە بوونی دامەزراوەیەکی لەو جۆرە. بوونی سمیناری لەو چەشنە لەلایەن کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ دەبێتە هۆی لێکتێگەیشتنێکی هەمە لایەنەی هێزو لایەنە دێمۆکراسیخوازەکانی ناوخۆی ئێران. 

بەریز عەبدوڵڵا موهتەدی سەبارەت بەگرنگی بوونی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەتی سەبارەت بە بەشداری کەمی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی سەرتاسەری ودێمۆکراسی خوازی ئێرانی لەم کۆبونەوەدا وتی، تایبەتمەندییەکی گرنگی کە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدرالڕ دەبێت لە بەرابەر ئۆپۆزیسیون بیبێت ئەوەیە کە دەتوانیِ بەشێوەی بێ لایەنانە دەوری هەبێت و بە تایبەتی ئەگەر ژمارەیەک زیاتر مەیلیان بەرەو چەپ یان کۆماریخواز بوون هەبێت، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێران دەبێت بە رۆحێکی کراوە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کار بکات و تەنانەت دەتوانێ دەورێکی گرنگی لە کۆکردنەوە ویەکگرتنی ئەم هێزانە هەبێت، ئەزموونی هێزە کوردییەکانی وەکوو کۆمەڵەو دێمۆکرات لەگەڵ بوونی سیاسەتی سەربەخۆیان، گرنگی ئەم پرسە زیاتر دەخاتەڕوو. 

عەبدوڵلا موهتەدی سکرتێری گشتی کۆمەڵە لە درێژەدا رایگەیاند: تا ئەو شوێنەی کە دەگەڕێتەوە بۆ ناوخۆی ئێران رایگەیاند، تەواوی ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی کە خوازیاری گۆڕانی هەمەلایەنەی ئێرانن، پێویستە هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ لە مەر بەهێزترکردنی بزوتنەوە مەدەنی و جەماوەرییەکان لە ئێران. هەر بزووتنەوەیەکی تەنانەت ئەگەر چکۆلەش بن دەبێت پشتیوانی لێبکرێت. کرێکارانێک کە دێنە سەر شەقام و خوازیاری مافەکانی خۆیانن و ئەو ژنانەی کە داخوازی مافی یەکسانن و تەنانەت ئەو ژنانەی لە ژێر ناوی ئازادی بە ئەسپایی روسەرییەکانی خۆیان لادەبەن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوی دەکەنەوە وشارۆمەندانی بەلوچ کە خوازیاری مافەکانی خۆیانن و تا خوێندکاران و ژینگە پارێزان و هەر جۆرە ئین جی ئۆ کان بە مەرجێک کە ئامانجە پێشکەوتنخوازانەکانیان خستۆتە بەردەم خۆیان دەبێت سەرجەم بزووتنەوەی دێمۆکراسی خوازی ئێرانی دەبێت پشتیوانی سەرەکی ئەم بزووتنەوانە بن.

ئەو هەروەها رایگەیاند کە بزووتنەوە جەماوەرییەکان لەئێران دەتوانن و دەبێت کۆماری ئیسلامی  چ لەئاستی کەم و چ لە ئاستی به رفراواندا ناچار به پاشەکشە بکه ن، هیچ رژیمێکی دیکتاتۆری ناتوانێ لەبەرابەر بزووتنەوەی بەهێزی جەماوەری خۆڕاگری بکات، هەڵبەت دێمۆکراسی و دابین کردنی مافەکانی خەڵک بە بێ روخانی کۆماری ئیسلامی نایەتە دی، بەڵام پاشەکشەکردن بە کۆماری ئیسلامی و لاواز کردن و خستنە پەراوێزی و لە ئاکامدا بەرەو روخانی کۆماری ئیسلامی مومکینەو کلیلی ئەم بزووتنەوانەش لە ناوخۆی ئێرانەو تەنیا پێویستە ئەم بزووتنەوانە پێشکەوتوو و دێمۆکراسیخواز بن و دەبێت پشتیوانیان لێ بکرێت و ئەو کارتی گوشارەیە کە پێشنیازی دەکەین بۆ گۆڕانی کۆماری ئیسلامی و دەبێت لە دەوری کۆ بینەوەو داکۆکی لەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیانە دەکرێ وەک یەکێک لە تەوەرەکانی یەکگرتوویی ئۆپۆزیسۆنی دێمۆکراسیخوازی لە ئێران وەسف بکرێت.

سکرتێری گشتی کۆمەڵە لەکۆتاییدا وتی: تا ئەو شوێنەی بۆ کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێران و سەرجەم بزووتنەوەی دێمۆکراسی خوازی ئێرانی دەگەڕێتەوە و دەستیان دەگاتە رێکخراوەکانی جیهانی مافی مرۆڤ، پارلەمانەکان، حیزبەکان و راگەیاندە نێونەتەوەییەکان و تەنانەت دەوڵەتەکان  دەبێت ئەم بابەتە بەشێوەی راشکاوانە باس بکرێت کە چارەسەری کێشەی ئەتۆمی گرنگە و لەسەرەتاشەوە کۆماری ئیسلامی نەدەبوایە بەدوای کارێکی لەو جۆرە بروشتایەت، بەڵام پرسی سەرەکی خەڵکی ئێران پێشێلکردنی مافی مرۆڤە و دەبێت هەمە لایەنە گوشار بێنن بۆ لایەنە نێوتەوەییەکان کە گرنگی شیاو بدات بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و لە دانوستانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نابێت پرسی مافی مرۆڤ لە بیربکرێت و بۆیە لە هەر ئاستێکدا کە دەتوانین بابەتی پرسی مافی مرۆڤروو لە کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی بە گرنگییەوە باسی بکەین و ئێمە نەتەنیا لە سیاسەتی ناوخۆیی جیاوازیمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە بگرە لە بواری سیاسەتی دەرەکیشدا بەتەواوی سیاسه تی جیاوازمان هەیە رووبه کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا. 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر

توجه:فقط اعضای این وبلاگ می‌توانند نظر خود را ارسال کنند.