۱۳۹۱ اسفند ۲۸, دوشنبه

پەیامی هاورێ عەبدوڵڵای موهتەدی بەبۆنەی 27ی رەشەمە، رۆژی شەهیدانی كۆمەڵە


بیست و پێنج ساڵ لەوە پێش، لە وەها رۆژێكدا، لە سەختەساڵێكدا كە رژیمی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی یەك لە دوای یەك ناوچە ئازادكراوەكانی داگیر كردبووەوە و هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە بە پانایی كوردستان كەوتبووە نەبەردێكی سەخت و تاقەت پڕووكێنی پارتیزانی و بزووتنەوەی كوردستان یەكێك لە سەختترین و دژوارترین قۆناغەكانی خۆی تێپەڕ دەكرد، لە گەرمەی شەڕی كۆنەپەرستانە و ماڵوێرانكەری ئێران و عێراقدا، زنجیرەیەك رووداوی نەخوازراو دەستیان دایە دەست یەك و یەكێك لە خوێناویترین كارەساتەكانیان بەسەر كۆمەڵەدا خوڵقاند.

دەوری حەفتا كەس لە پێشمەرگەكانی كۆمەڵە، كە زوربەیان لە گوردانی بەناوبانگی شوان بوون، لە كەناری رووباری سیروان و لە قەراغی هەڵەبجە كەوتنە بەر كیمیابارانی فڕۆكەكانی رژیمی سەدام و هەر بەدوای ئەوەشدا كەوتنە بەر پەلاماری هێزەكانی سپای پاسدارانی ئێران. گەرچی بۆمبارانی شیمیایی زوربەیانی شپرز كردبوو و هێزی لێ‌ بڕیبوون، بەڵام بیروباوەڕی شۆرشگێرانەی كۆمەڵە ورەی بەرزی پێشمەرگانەیانی وەكوو هەمیشە لە ترۆپكی خۆیدا راگرتبوو، هەر بۆیەش بە هەستی كۆڵنەدەرانەیان تا دواساتەكانی ژیان حەماسەی موقاوەمەتیان خوڵقاند و نزیكەی شەست كەسیان لەوێ‌ گیانیان بەخت كرد. ژمارەیەكیان دەستگیر كران كە پاش ئەشكەنجە و ئازارێكی زۆر یازدە كەسیان لە شاری سنە ئیعدام كران.
لەو كاتەوە یادی گوردانی شوان لە كۆمەڵەدا بەرز راگیراوە و یادی ئەو قارەمانە سەربەرزانە ساڵا لە دوای ساڵا كراوەتەوە. لەساڵانی دواتر و بەدوای ساغ بوونەوەی كۆمەڵەدا، ئەم رۆژە وەكوو رۆژی سەرجەم شەهیدانی كۆمەڵە ناسراوە و لەم بۆنەیەدا نەك تەنیا یادی تەیرەكانی سیروان بەڵكوو یادی هەموو گیانبەختكردوانی ریزەكانی كۆمەڵە كراوەتەوە.
ئەمڕۆش دوای بیست و پێنج ساڵا جارێكی دیكە لێرە كۆبووینەوە تا یادی هەزاران ئەستێرەی پرشنگداری خەباتی چەوساوەكانی كوردستان بەرز و بەڕێز رابگرین، تا سەری رێز بۆ سەرجەم شۆڕشگێڕانی ریزەكانی كۆمەڵە، لە هەموو قۆناغەكان و لە هەموو مەیدانەكان، دانەوێنین و پەیمانی وەفا و بەڵێنی درێژەدانی رێبازی پیرۆزیان دووپات كەینەوە.
ئەم رێ‌ و رەسمە پێش هەموو كەس بۆ رێز گرتن لە ئێوە دایك و باوكانی جەرگ سووتاوی كوردستان، بۆ ئێوە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی كۆمەڵەیە كە هەموو گەلی كورد قەرزدارتانە و ئەركی خزمەتتان لەسەر شانی هەمووانە، ئەم كۆبوونەوە و رێ‌ و رەسمە بۆ ئێوە كرێكاران و زەحمەتكێشانی كوردستانە تا رێز لە خەباتكارانی گیانبەختكردووی حیزبێك بگرین كە ئاواتی بەرزیان خزمەت بە بەرژوەند و بەختەوەریی ئێوە بوو و بەم پێوانەیە پێناسە دەكران، بۆ ئێوە خەباتكارانی رێكخستنی نهێنییە كە بە كاری خورد و ورد و پڕحەوسەلەتان تاڵا بە تاڵی تۆڕی پتەوی رێكخستن دەتەنن و وشیاری بڵاو دەكەنەوە و سەركەوتنی سبەیرۆژمان مسۆگەر دەكەن، بۆ ئێوە ژنان و كچانی ستەمدیدەیە كە لە سیمای كچانی تێكۆشەر و ئازادیخوازی كۆمەڵەدا ئاوات و ئارەزووە پەنگ خواردووەكانی خۆتان بۆ رزگاری و یەكسانی دەبیننەوە، ئەم رێ و رەسمە بۆ ئێوە نەسلی نوێی خەباتكاری كوردستانە كە دەتانەوێ‌ لەسەر رێبازی پڕ لە شانازیی هەڵۆ سوورەكانی كۆمەڵە بڕۆن، بۆ ئێوە نەوجەوانە تازەپێگەیشتووەكانی ئەم وڵاتە دیلكراوەیە كە چیدی ناتوانن و ناتانەوێ‌ لەگەڵا دیلی هەڵكەن، لە گەڵا سەرشۆڕی و سەردانەواندن بێگانەن و لە خەونەكانی خۆتاندا بۆ وێنا كردنی داهاتووی سەربەرزانەی كوردستان، ئیلهام لە خەباتی بوێرانە و رچەشكێنی كۆمەڵە وەردەگرن، بۆ ئێوە ئەو پێشمەرگە لاوانەیە كە تازە چەكی پڕ لە شانازیی پێشمەرگایەتیی كۆمەڵەتان هەڵگرتووە و بێگۆمان حەماسە خوڵقێنانی سبەی رۆژ و رزگاركەرانی سبەی رۆژی كوردستانن، ئەم رێ‌ و رەسمە بۆ ئێوە میلیۆنەها گەلی كورد لە هەموو كوردستانی رۆژهەڵاتە كە بۆ رزگاری نەتەوەیی و بۆ داهاتووی بەختەوەری نیشتمانەكەتان چاوی هیواتان بڕیوەتە رێبازی راست و دروست و سیاسەتی ژیرانەی كۆمەڵەی خاراو و تاقی كراوەی خۆتان، بەڵی، ئەم رێ‌ و رەسمە بۆ لە دەوری یەك كۆكردنەوە و لە یەكتر هەڵپیِكانی هەموومانە وەكوو گەلی كورد چونكە ئەو یەكگرتووییە مەرجی سەركەوتن و گەیشتنمان بە مافەكانمانە، ئەم رێ‌ و رەسمە هەروەها بۆ پتەوكردن و پۆڵایین كردنی ریزەكانی كۆمەڵەی شۆرشگێڕە، بۆ دارشتنەوەی هاوپشتی لەشكان نەهاتووی نێوان هەموو بەشەكان و هەموو تاكەكانی ریزەكانی كۆمەڵە و گەشاندنەوەی سەفا و سەداقەت و سەمیمییەتێكە كە لە هەموو كوردستاندا بۆتە خەسڵەتێكی نموونەیی كۆمەڵە، چونكە ئێمەش وەكوو كۆمەڵە بە قاڵا كردنەوە و داڕشتنەوەی ئەو تایبەتمەندییە جوانانەیە كە دەتوانین بەباشترین و سەركەوتووانە شێوە دەور و نەقشی مێژوویی خۆمان بگێڕین.
جارێكی دیكە سەری رێز و خۆشەویستی بۆ هەموو گیانبەختكردوانی كۆمەڵە كە رێگای خەباتیان بۆ نەخشاندوین دادەنەوێنین و بەڵێنیان لەگەڵا تازە دەكەینەوە كە وەكوو هەمیشە چرای رێی داهاتوومان بن.

بەرز و بەڕێز بێت، 27ی رەشەمە، رۆژی شەهیدانی كۆمەڵە

زڕگوێزەڵە، 16ی مارسی 2013

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر

توجه:فقط اعضای این وبلاگ می‌توانند نظر خود را ارسال کنند.