كۆمەڵانی تێكۆشەری خەڵكی كوردستان، گەلی خەباتكاری كورد!
دایكان و باوكان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، كرێكاران و زەحمەتكێشان، لاوان، ژنان، خوێندكاران، كاسبكاران و بازاریان، جەماوەری تێكۆشەری شار و لادێكانی كوردستان!
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی تازەوە گەرمترین پیرۆزباییتان پێشكەش دەكەم و شادی و سڵامەتی و سەركەوتنتان بەئاوات دەخوازم.
هیوادارم لەم وەرزی نوێ بوونەوەی تەبیعەتدا، وێڕای گەشانەوەی سروشتە جوانەكەی كوردستان، ئەستێرەی ئاوات و ئامانجەكانیشمان لە درەوشانەوەی هەرچی زۆرتردا بێت و خۆشی وشایی میوانی گشت ماڵەكانتان بێت.
خۆشبەختانە دیاری نەورۆزانەی ئەمساڵمان رێككەوتنێكی سەركەوتووانەی نێوان كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانە كە لە هاوینی رابوردوودا هاتە دی و فەزای كوردستانی پڕ كرد لە هیوا و هومێد. بەهیواین لە ساڵی تازەدا ئەم رێككەوتنە فراوانتر و بەرینتر بكرێتەوە و هەموو لایەنەكانی دیكەش بگرێتەوە.
رژیمی كۆماری ئیسلامی لە ماوەی تەمەنی رەشیدا بێجگە لە ماڵوێرانی و دواكەوتوویی و بێكاری و هەژاری و گرانی و سەركوتی سیاسی و زیندان و سێدارە، بێجگە لە قەتیس كردنی ماف و ئازادییەكانی كۆمەڵانی خەڵك ، هیچ دیارییەكی بۆ خەڵكی ئێران و خەڵكی كوردستان پێنەبووە و پێنییە. هیوادارین ساڵی داهاتوو، ساڵی سەركەوتن بەسەر دیكتاتۆری و ستەمكاریدا بێت و بەهارمان ببێتە بەهاری ئازادی.
خۆشبەختانە ئەمساڵا پرسی كورد بەگشتی و لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە گەشە كردن و هەڵكشاندایە و رژیمی ئێرانیش چیدیكە ناتوانێ خۆی لەو راستییە گێل بكا.
جێی خۆیەتی وێڕای جەژن و شایی نەورۆز و ساڵی تازە، یادی ئەو هەزاران ئازیزە بكەینەوە كە ئێستا لە نێوانماندا نین و گیانی شیرینیان لەپێناو ئازادی و بەختەوەریی خەڵكی كوردستاندا بەخت كرد. با سەردانی مەزاری شەهیدان بكەین و چەپكە گوڵیان پێشكەش بكەین، سەردانی بنەماڵە و كەس و كاریان بكەین و پێیان بڵیین كە ئازیزانی ئەوان لە دڵی میللەتدا دەژین.
بەتایبەت جێی خۆیەتی ئەمساڵا ئەهمیەتێكی زۆر بە زیندانیانی سیاسی و خەبات بۆ ئازادیی ئەوان بدەین. شیعاری ئازادی زیندانیانی سیاسی و بەرز كردنەوەی ئەو داواكارییە لە بۆنە و شوێنە جۆراوجۆرەكاندا دەبێ بە یەكێك لە ئەركەكانی ئەمساڵی خۆمان بزانین.
جارێكی دیكەش لەلایەن خۆم و هەموو ریزەكانی كۆمەڵەوە گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەكەم و ئاواتەخوازم كە نەوروزی ساڵی داهاتوو پێكەوە لە كوردستانی ئازاد بكەین بە جەژنی گەورەی سەركەوتنمان.
زڕگوێزەڵە، نەورۆزی 1392ی هەتاوی، 20ی مارسی 2013ی زایینی
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر
توجه:فقط اعضای این وبلاگ میتوانند نظر خود را ارسال کنند.