۱۳۹۲ خرداد ۳۰, پنجشنبه

پەیامی کومیتەى ناوەندیى کۆمەڵە بە بۆنەى 31ى جۆزەردان رۆژى پێشمەرگەى کۆمەڵە

ئاسۆی رۆژ: کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بە بۆنەی هاتنی 31ی جۆزەردان رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان کردووە کە دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە:
رۆژى 31ى جۆزەردانى ساڵى 1357 هەتاوى هاورێ سەعیدى موعینی ناسراو بە خانە بۆ فێربوونى کاروبارى پێشمەرگانە لە سەر بڕیارى رێبەرى ئەوکاتى کۆمەڵە رەوانەى کوردستانى عێراق کرا تا پەیوەندى بە یەکێتى نیشتمانى کوردستانەوە بکات. لە کاتێک دا کە کاک خانە لەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکانى یەکێتى نیشتمانى دەیانەویست بەرەو شوینى مەبەست بڕۆن بە داخەوە لە نزیک ئاوایی دڕى سەربە شارۆچکەى ماوەت لە ناوچەى شارباژێر حکومەتى بەعسی عێراق بە شوێنەکەیانى زانى و پەلامار دران بە داخەوە کاک خانە بەرلەوەى بگاتە شوێنى مامووریەتەکەى وێڕاى دەستەیەک لە پێشمەرگە هاورێ کانى بەدەستى رژیمى بەعس لە شەریکى نابەرابەردا گیانى ئازیزى بەخت کردو بوو بە یەکەم شەهیدى کۆمەڵە. کاک سەعیدى موعینى لە بنەماڵەى بەناوبانگ و تێکۆشەرى موعینەکانى مهاباد و لە خێزانیکى تێکۆشەردا پەروەردە ببوو ، براى دوو تێکۆشەرى خەباتى ساڵەکانى 1346 ،47 ى کوردستانى ئێران کاک عەبدوڵاو سولەیمانى موعینى بوو.کاک خانە لاویکى تێکۆشەرو خەباتکار بوو کە لە سەردەمى رژیمى شا لەکاتێک دا نووسراوەیەکى کۆمەڵەى بە دەستەوە بوو دەستگیرکرا بەڵام لە زیندان سەرەراى ئەشکەنجەى زۆر بۆ ماوەى زیاتر لە ساڵیک نکۆڵى لە سیاسی بوونى خۆى کردو نهێنیەکانى کۆمەڵەى بۆ ساواک ئاشکرا نەکرد.

کۆمەڵە رۆژى شەهید بوونى کاک خانەى وەک رۆژى پێشمەرگەی  کۆمەڵە دیارى کردووەو لەو رۆژەدا خەڵکى کوردستان رێز دەگرن لە خەبات و تێکۆشانى سەرجەم ئەو کوڕو کچە تێکۆشەرانەى لە پێناو رزگارى خاڵک و خاکى کوردستان ژیانى ئاسایی خۆیان وەلا ناوەو جل و بەرگى پێشمەرگایەتیان لە بەر کردووەو چەکى پێشمەگایەتیان کردۆتە شان.

پێشمەرگەى کۆمەڵە تەنیا هێزیکى چەکدارى ئاسایی نیە، بەڵکوو هێزێکى خەباتکارە کە بەر لەوەى دەست بداتە چەک مێشکى بە بیرو باوەڕى خەباتکارانەى ئەمرۆیی تەیار کردووە. پێشمەرگەى کۆمەڵە هێزى پارێزەرى کوردستان و دەسکەوتەکانى خەڵکى کوردستانە. پێشمەرگەى کۆمەڵە پارێزەرى راستەقینەى ئازادى و عەداڵەتى کۆمەڵایەتیە و لە پێناو رزگارى گەلى کورد و وەدى هێنانى کۆمەڵگەیەکى ئازاد و بەرابەر دا خەبات دەکات. پێشمەرگەى کۆمەڵە لە بزوتنەوەى رزگارى خوازانەى گەلى کورددا سەختترین ئەرکى خەباتى لە سەر شان بووەو لە بەرەوپێش بردنى ئەرکى خۆى دا بەو پەڕى فیداکارى و دڵسۆزىو لە خۆ بردوویەوە تێکۆشاوەو تا وەدى هاتنى ئاوات و داخوازیەکانى گەلى کورد وەفادار بە رێبازى شەهیدان و خەڵکى کوردستان دەمێنێتەوە.
لە قۆناغى ئێستا ئەرکى هێزى پێشمەرگە خۆتەیار کردن بە بیرو باوەڕى تازەو ئامادەیی نیزامیە کە لە کاتی پێویست دا بەو پەڕى لە خۆ بردویەوە بتوانى ئیرادەى خەڵک بەسەر کۆنەپەرەستى و داگیرکەرى کۆمارى ئیسلامى دا زاڵ بکات و پارێزگارى لە دەسکەوتە کانى شۆرشى خەڵکى کوردستان و کرێکاران و زەحمەتکێشان بکات. پێشمەرگە باسکى پۆڵاینى بزوتنەوەى کوردستانە کە لە هیچ کەند و کۆسپێک سڵى نەکردووەو هیچ لەمپەرێک نەیتوانیوە ورەى پۆڵاینى ئەو هێزە تێکۆشەرە لاواز بکات.

لە رۆژى پێشمەرگەى دا رێز دەگرین لە گیان فیدایی سەرجەم ئەو کەسانەى شانازى ئەوەیان پێبڕاوە لە ریزى پێشمەرگایەتى دا خەبات بکەن و یان لە کاتى پێشمەرگایەتى دا بە پێشکەش کردنى ئەندامەکانى لەشیان پارێزگاریان لە مەوجودیەتى شۆرشی کوردستان کردوە. رێز دەگرین لە شەهیدانى کۆمەڵە و بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدان و هەموو ئەو خەباتکارانەى چ لە رابردوو چ ئێستا لە ریزى هێزى پێشمەگایەتى دا خەباتیان کردووەو خەبات دەکەن.
بە بۆنەى رۆژى پێشمەرگەوە لەگەڵ شەهیدانى کوردستان پەیمان تازە دەکەینەوە کە تا گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکان و رزگارى خەڵکى کوردستان لە ژێر ستەمى نەتەوەایەتى و کۆنەپەرستى کۆمارى ئیسلامى لە تێکۆشان نەوەستین.
سەرکەوێ خەباتى رەواى خەڵکى کوردستان
بژى هێزى پێشمەرگە
کومیتەى ناوەندى کۆمەڵەى شۆرشگێرى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێران
30ى جۆزەردانى 1392
20 ژۆئەنى 2013

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر

توجه:فقط اعضای این وبلاگ می‌توانند نظر خود را ارسال کنند.