۱۳۹۲ بهمن ۱۷, پنجشنبه

راگه‌یاندنی هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به‌ پرسی یه‌كگرتنه‌وه‌

راگه‌یاندنی هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به‌ پرسی یه‌كگرتنه‌وه‌

كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری كوردستان!
كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان!
ئه‌ندامان ولایه‌نگران ودۆستانی كۆمه‌ڵه‌!

ئێمه‌، هه‌ر دوو لایه‌نی كۆمه‌ڵه‌ به‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و له‌ به‌رچاو گرتنی بارودۆخی سیاسیی ئێران و كوردستان، هه‌روه‌ها پرسی كورد و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی له‌ كوردستانی رۆژهەڵات له‌م سه‌رده‌مه‌دا، به‌ زیانبار زانینی جیابوونه‌وه‌و دابڕانه‌كان و پێویستی كاركردنی هاوبه‌ش بۆ خولقاندنی كه‌شێكی له‌بار بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌، له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا به‌و ئاكامه‌ گه‌یشتین بۆ تاوتوێ كردنی پرسی یه‌كگرتنه‌وه‌و بوژاندنه‌وه‌ی رۆحی هاوكاری و سه‌رئه‌نجام یه‌كگرتنه‌وه‌ی ته‌واو دوو هه‌یئه‌ت له‌ هه‌ر دوولا دیاریبكرین تا كاری هاوبه‌ش بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ بكه‌ن.

پاش دیاریكردن و ده‌ست به‌كار بوونی هه‌یئه‌ته‌كان و به‌ستنی‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ له‌ نێوان هه‌ر دوو هه‌یئه‌ت و دواتریش كۆبۆنه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌ر دوو كومیته‌ی ناوه‌ندی، له‌و ماوه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك كار باش و كۆبوونه‌وه‌ی جیدی لێك نزیكبوونه‌وه‌ و كار كردن بۆ جێخستنه‌وه‌ی ئیعتماده‌كان و هێنانه‌ ئارای كه‌شێكی له‌ بار به‌ڕێوه‌چووه‌. بێگومان كاری باش و هه‌نگاوی به‌رپرسانه‌مان ناوه‌، ئێمه‌ به‌ كاری تا ئێستامان دڵخۆشین و به‌ ئه‌ركی خۆمانی ده‌زانین به‌ هه‌ستی به‌رپرسایه‌تی و هاوڕێیانه‌، به‌ له‌ به‌رچاو گرتنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كۆمه‌ڵه‌ و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ و چه‌پ و عه‌داڵه‌تخوازی كوردستان كار بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پرسه‌ گرینگه‌ بكه‌ین و له‌م راستایه‌دا دانیشتنه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن.
جێی ئاماژه‌یه‌ كۆمه‌ڵه‌ هێزێكی گرینگ و خاوه‌ن جه‌ماوه‌ر و شۆین دانه‌ره‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی كوردستاندا، بۆیه‌ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌، ئه‌ركێكی گرینگه‌ كه‌ ده‌توانێ وزه‌ و توانی كۆمه‌ڵه‌ و تێكۆشه‌رانی ئه‌م رێبازه‌ زۆر به‌رینتر بخاته‌وه‌ گه‌ڕ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌ركه‌ قورسه‌كانی ئه‌م ده‌وره‌یه‌. هه‌روه‌ها هانده‌رێك ده‌بێ بۆ به‌ هێزتركردن و گوڕوتین به‌خشینێكی زۆرتر به‌ خه‌باتی ره‌وای خه‌ڵكی كوردستان و چه‌وساوه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ و بوژاندنه‌وه‌ی ئاوات و هومێدی دۆستان و دڵسۆزانی كۆمه‌ڵه‌.
هیوادارین بتوانین به‌ بڕینی قۆناغه‌كانی دیكه‌ی پرسی یه‌كگرتنه‌وه‌ له‌ داهاتوودا رای گشتی لێ ئاگادار بكه‌ینه‌وە.

له‌ لایه‌ن هه‌یئه‌ته‌كانی

كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران
كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكیشانی كوردستان
١٧/ رێبه‌ندانی/١٣٩٢ هه‌تاوی
٦/فوریه‌/ ٢٠١٤

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر

توجه:فقط اعضای این وبلاگ می‌توانند نظر خود را ارسال کنند.