بەیاننامەى کۆمیتەى ناوەندیى کۆمەڵە بە بۆنەى 1 مەى رۆژى جیهانى کرێکار
ئەوەڵى مانگى مەى رۆژی هاوخەباتی و هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار لە هەموو کرێکارانی ئێران وکوردستان و جیهان پیرۆز بێ.
هەموو ساڵێک لە سەرتاسەری جیهان و لەم رۆژە مێژوویی و نێونەتەوەییە، کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئازادیخوازان رێز دەگرن لە خەبات و قوربانیدانی چینی کرێکار و هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ بەرەوپێشچوونی خەبات و دەسکەوتیان دەکەن و لە لایەکی دیکەش رێبەران و بزووتنەوەی کرێکاری بەرنامە و پلان بۆ کارو خەباتی ساڵی داهاتوویان دادەڕێژن . لەم رۆژەدا لە هەموو جیهان بە شێوازى جۆراوجۆر لە لایەن رێکخراوە سیاسیەکان، سەندیکاو رێکخراوە سینفی ومەدەنییەکان رێز لەم رۆژە دەگیرێت و هاوسۆزى و هاوپشتى خۆیان بۆ ئەم چینە گرنگەى کۆمەڵگا دووبارە دەکەنەوە.
ئەم ساڵیش کرێکاران وهەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران و کوردستان لە کاتێکدا بەرەو پیرى ئەم یادە مێژووى و جیهانییە دەڕۆن کە وەک هەموو رۆژانیتر ژیانیان لە سەخترین و دژوارترین شێوەدا تێپەڕ دەکەن. قەیرانى کەڵەکەبووى ئابوورى و زیاد بوونى رێژەى بێکارى، گرانى و هەڵاوسانى بازاڕ بە شێوەیەکى نائاسایى، هاتنە خوارى واحیدى پوڵى ئێران لە بەرامبەر پوڵى جیهانى لە بورسی بازاڕى جیهانیدا، هەموویان بەرهەمى سیاسەتى نادروست و خولقاوی کۆمارى ئیسلامین کە راستەوخۆ گوشاریان بۆ میلیۆنان بنەماڵەى کرێکار و کەم داهات هێناوەو سەدان کێشەو گرفتى ئابووری و کۆمەڵایەتی جۆراوجۆری رۆژانە و درێژماوەی بۆ دروست کردوون. ئەمساڵ دەوڵەتی دژە کرێکاری کۆماری ئیسلامی بە دیاریکردنی 608 هەزار تمەن وەک حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی 1393 لە لایەن دەوڵەتی روحانیەوە، نیشان دەدا کۆماری ئیسلامی تا چ رادەیەک بەنیسبەت ژیان و بژێوی کرێکاران و بنەماڵەکانیان دڵڕەق و بێ رەحمە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە قسە و ئیعترافی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ هەر بنەماڵەیەکی 4 کەسی لە مانگدا 2 میلیۆن تمەن بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان پێویستە.
لە سایەى ئەم رژیمەو سیاسەتە چەوت و نادروستەکانى بەرامبەر بە هەموو چین و توێژەکانى کۆمەڵگای ئێران و یەک لەوان چینى کرێکارو کەم داهات لە ناخۆشترین و خراپترین بارودۆخدان و بێکارى و هەژارى زۆرترین ئاستەکانى خۆى بڕیوە. نەبوونى دەرفەتى کار، نەبوونی بیمەى کۆمەڵایەتى و تەندروستى، لە بەر چاو نەگرتنى پێوەرەکانى کار، رەچاونەکردنى ستاندارە جیهانیەکانى بازاڕى کار، دواخستن و نەدانى حەقدەست لە کاتى خۆى، نەڕەخساندنى هەلى کار بۆ لاوان و ژنان، هەڵاواردنی رەگەزی، بێکاربوونى رێژەیەکى زۆرى دەرچووانى زانکۆکان کە بە پێى ئامارى رەسمى رژیم نزیکەى 5 ملیۆن و 400 هەزار کەس لە ئێراندا خوێندنیان تەواو کردووەو پەیوەست بوون بە بازاڕى کار و بێکاران، بەڵام لەو بازاڕە بێ رەحمەدا کاریان دەست ناکەوێ . ئەمانە هەموو ئەو سیاسەتە چەوتانەن کە خەڵکى ئێرانى بە گشتی و کرێکاران بە تایبەتی تووشی ناشایستەترین و دژوارترین ژیان کردوەتەوە و دۆزخێکی بە ناوی ژیان بۆ خولقاندوون.
سەرەڕاى هەموو ئەو قەیران و سەختیانەى کە هاتوونەتە سەر رێگاى ژیان و گوزەرانى کرێکاران نەبوونى دەرەتانى ژیانێکى ئازاد لە رووى سیاسى و کۆمەڵایەتى و .... هتد کە ئەویش لە بێ مافى سیاسى ومەدەنى و سینفى خۆى دەبینێـتەوە، رێگاى لە پێکهێنانى رێکخراوە کرێکارییەکان گرتووە کە بتوانن لەم بارودۆخە ناهەموارەدا بە هاناى کێشە جۆراوجۆرەکانى کرێکارانەوە بچن و هەرچى زیاتر یەکگرتوویى و هاوپێوەندى و هاوسۆزى لە نێو کرێکاراندا پێک بێنن. لە باتى پاراستنى ماف و حەقدەستەکانیان کرێکاران توندو تیژیان بەرامبەر دەکرێت و ماف و حەقدەستەکانیان نادرێ، گوشار هێنان و هەڕەشەى بەردەوامى ناوەندە ئەمنیەتیەکان لە چالاکان و هەڵسوڕێنەرانى بوارى رێکخراوە کرێکاریەیکان لە سەر سەرەتایترین مافەکانیان، دەستگیر کردنیان بە شێوەیەکى نامرۆڤانە و بێحورمەتى و ئەشکەنجە دانیان لە کونجى زیندانەکاندا، داخستنى سەندیکا و رێکخراوەکانى تایبەت بە کرێکاران بەشێکن لەو بارودۆخە دژە کرێکاری و پڕ لە پێشێلکاریەى کە لە سایەى کۆمارى ئیسلامیدا رووبەڕووى کرێکاران و بزوتنەوەکەیان دەبێتەوە.
ئەگەر لەم رۆژە جیهانییەدا، چاوێک بە سەر بارودۆخى کرێکارانى کوردستان بخشێنین دەبینین کە بارودۆخى ژیان و گوزەرانى کرێکارانى کورد لە ئێراندا زۆر نالەبارترە. نەبوونى دەرفەتى کارى پێویست و هەڵاواردنى ئابوورى و نەبوونى سەرمایەى پێویست و گەشەپێدانى ئابوورى، نەبوونى ناوەندى پیشەسازى پێویست و وەبەرهێنان لە ناوچەکانى کوردستان دا بووەتە هۆى دروست بوونى بارودۆخێکی نالەبارتر و سەخت کە کرێکارانى کوردو بنەماڵەکانیان رەنج و کوێرەوەرى و ئازاری زۆرتریان بەردەکەوێ. بەڵام سەرەڕاى ئەم هەموو هەڵاواردن و سەختیانە کە لە کوردستان و لە کرێکارانى کورد دەکرێ، چالاکان و هەڵسوڕێنەرانى بوارى رێکخراوە کرێکارییەکان لە ئاستی ئێران بە گشتی و کوردستانیش، لە مەیدانەکانى خەبات بۆ وشیارى زیاترى کرێکاران لە لایەک و پشتیوانى لە ماف و خواستەکانیان لە لایەکى تر ئامادەییان هەیەو لە هیچ راونان و دەستگیر کردن و توندوتیژى و فشار هێنانێک سڵیان نەکردوەو نایکەن. ئێمە لە ساڵى رابردوودا شاهیدى دەستگیر کردنى دەیان چالاکى کرێکارى بووین کە بە هۆى پشتیوانى لە ماف و داخوازییەکانی کرێکارانى کوردستاندا ئێستا لە زیندانەکاندا حوکم دراون، بەڵام سەرەڕاى ئەوەش دەبینین چۆن سەندیکا و ناوەندە کرێکارییە سەربەخۆکان هەر بەردەوام لە چالاکی و بەربەرەکانێدان.
کۆمەڵە لەم رۆژەدا وێڕاى پیرۆزبایی لە کرێکارانى کوردستان و ئێران، وەک هەمیشە خۆى بە حیزبێکى داکۆکیکار لە مافى خەڵکى کرێکار و زەحمەتکێش، خۆى بە پشتیوان و هاوخەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەشمەینەتانى کوردستان دەزانێ و بزووتنەوەی کرێکاری بە یەکێک لە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە کاریگەرەکان بۆ بە دەستهێنانى مافە زەوتکراوەکانیان و ئاڵ وگۆڕ لە کۆمەڵگادا لە قەڵەم دەدا. هەروەها پشتیوانى لە خەباتی کرێکاران دەکا بۆ پێکهێنانى سەندیکا و رێکخراوەى سەر بەخۆى تایبەت بە خۆیان لە پێناو بە دەستهێنانی ماف و داخوازییەکانیان. گومانی تێدا نیە کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا بە گەشە سەندن و بەربڵاوتر بوونی خەباتی یەکگرتووانەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەکان پاشەکشە دەکا و لەم رۆژەدا جیی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەین هەڵسوڕاوانی کۆمەڵە لە پێناو گەشەسەندنی زیاترو رێکخستنی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان، ژنان وخوێندکاران .... بۆ بە دەستهێنانی ماف و داخوازیەکانیان پێویستە دەوری گرنگ بگێڕن و ئەمە بە یەکێک لە ئەرکەکانی خۆیان بزانن.
جارێکیتر دەستى ماندوونەناسانەى رێبەران وچالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران و کوردستان دەگوشین و سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات دەخوازین.
پیرۆز بێت رۆژى جیهانى کرێکار
بژی هاوخەباتی وهاوپشتی جیهانی چینی کرێکار
بڕوخى رژیمى کۆنەپەرەستى کۆمارى ئیسلامى ئێران
کۆمیتەى ناوەندى کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێران
28/4/2014
بژی هاوخەباتی وهاوپشتی جیهانی چینی کرێکار
بڕوخى رژیمى کۆنەپەرەستى کۆمارى ئیسلامى ئێران
کۆمیتەى ناوەندى کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێران
28/4/2014
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر
توجه:فقط اعضای این وبلاگ میتوانند نظر خود را ارسال کنند.