۱۳۹۲ فروردین ۶, سه‌شنبه

بەیاننامەی هاوبەش سەبارەت بە بەرەنگاری خەڵكی كوردستان لەگەڵ هێزەكانی رێژیم لە نەورۆزی ئەمساڵدا


خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان !
جارێكی دیكە ورەی بەرز ‌و هەستی نەتەوەیی ‌و هەڵوێستی یەكگرتوانەی ئێوە بوو بە هەوێنی حەماسەیەكی دیكە ‌و زرمەی هەنگاوەكانتان كۆشكی سەرەڕۆیی كۆنەپەرستانی هێنایە لەرزە.
لە یەكەم ساتەكانی سەرهەڵدانی چرۆی خاكەلێوەی ئەمساڵ ‌و دەستپێكی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە، كوردستانتان كردە گڕكانی بزووتنەوەیەكی مەدەنیی پێشكەوتنخوازانە دژ بە شەوەزەنگی دەسەڵاتێكی رەش ‌و دژە مرۆیی كە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەیە هەموو بنەماكانی شوناسی نەتەوایەتی ‌و ماف ‌و ئازادییەكانی ئێوە لە ژێر چەكمەی سەركوت ‌و سڕینەوە ‌و سێدارەدا پێشیل دەكات ‌و لە تاریكەشەوی باوەڕەكانیدا خەون بە نەمانی كوردە‌وە دەبینێت.

نەورۆزی ئەمساڵ لە كەشوهەوایەكدا دەستی پێكرد كە كۆماری ئێسلامی شەپۆلێكی بەربڵاوی دیكەی لە سەركوت ‌و دەستبەسەر كردنی چالاكانی مەدەنی ‌و مافخوازانی كورد وەڕێخست ‌و بۆ پێشگرتن لە هەرجۆرە جموجۆلێك كە نیشاندەری زیندوویی ‌و دەربڕینی ناڕەزایی بێت، هیزە سەركوتكەرەكان ‌و دامودەزگا سیخوڕییەكانی خۆی لەشار ‌و ناوچە جیاجیاكانی كوردستاندا جێگیركرد.
لە وەها بارودۆخێكدا بوو كە" كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران"‌و "حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران" بە هەستكردن بە بەرپرسایەتیی سیاسی ‌و نەتەوەیی خۆیان لەم هەلومەرجە هەستیارەدا بە دەركردنی بانگەوازێكی هاوبەش، وێڕای پێداگری لە سەر گرینگیی یەكگرتوویی ‌و خەباتی هاوبەشی نەتەوایەتی،
داوایان لە سەرجەم كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كرد كە نەورۆزی ئەمساڵ بكەینە نەورۆزی دژ بەو سیاسەتە سەركوتكەرانەیەی رێژیم ‌و بە هەڵكردنی ئاگری نەورۆز وەكوو هێمای خۆڕاگری ‌و زیندوو بوونی شۆڕشی پیرۆزی نەتەوایەتیمان ‌و سەردانی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان ‌و زیندانییانی سیاسیی خۆڕاگر رێز لە خەبات ‌و تێكۆشانیان بگرین ‌و پیلانەكانی رێژیم بۆ سەركوت ‌و تواندنەوەی گەلی كورد پووچەڵ بكەینەوە.
كۆمەڵانی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان !
بەخۆشیەوە دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازی هاوبەشی "كۆمەڵە ‌و حیزبی دێمۆكرات"، سەرەڕای گوشارەكانی كۆماری ئیسلامی ‌و زاڵبوونی كەش ‌و هەوای میلیتاریزە كراو بە سەر ناوچەكانی كوردستاندا، رێژیم نەیتوانی هێزی باوەڕ ‌و بڕیار لە كوردستاندا تێك بشكێنێ ‌و سەنگەری حەماسە و ئازایەتی بە رۆڵەكانی نەتەوەی كورد چۆڵ بكات.
لە رۆژەكانی نەورۆزی ئەمساڵدا شاهیدی ئەوە بووین كە چۆن بە چەكی باوەڕ ‌و هەستی پیرۆزی نەتەوایەتیتان بەرەنگاری چەكی ئاسن ‌و ئاگر بوونەوە‌و لە هەڕەشە و گوڕەشەكانی رێژپم بۆ پێشگرتن بە هاوپشتی ‌و هاوخەباتیتان لەم بۆنە پیرۆزە نیشتمانیەدا سڵتان نەكردەوە.
لە شار و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان هەواڵمان پێگەیشت كە بە چالاكیی تەبلیغی ‌و سەردانی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیی خۆڕاگر ‌و شەهیدان ، ئەركی نیشتمانی ‌و نەتەوایەتیی خۆتان بەجێ گەیاندووە ‌و سەرەڕای هەموو هەوڵەكانی رێژیم، ئاگری نەورۆز بست بە بستی خاكی كوردستانی كردۆتە مۆتەكەیەك بۆ پارێزەرانی تاریكی‌و شەوەزەنگ.
سەرەڕای ئەوەی كە رێژیم هەوڵی دەدا بە هەڵواسینی وێنە و ئاسەوارەكانی ئەهریمەنی جەماران ‌و شوێنكەوتوانی، مۆركی خۆی لە سەر ئەم بۆنە نەتەوایەتیەی كورد بدات، ئێوە بە ناسنامەی كوردستانی ‌و شۆڕشگێڕانەی خۆتانەوە نەورۆزتان جارێكی دیكە وەكوو خۆی پێناسە كردەوە.
لە شار ‌و ناوچەكانی سەردەشت، بۆكان، سنە، ئیسلام ئابادی ورمێ، مەرگەوەڕ ‌و چەندین شوێنی دیكەدا تێكهەڵچوون لە نێوان خەڵكی چاونەترس ‌و بوێری كوردستان ‌و هێزە بەكرێگیراوەكانی رێژیم هاتۆتە ئاراوە ‌و رۆڵەكانی نەتەوەی كورد قارەمانانە بەرەنگاری هێزە دژی گەلییەكانی رێژیم بوونەتەوە ‌و پارێزگارییان لە كەرامەتی مرۆڤی كورد ‌و قەڵافەتی شۆڕشگێڕانەی كورد ‌و كوردستان كردووە.
ئێوە لە ئیلام و قەسری شیرین و سەرپێڵی زەهاو ‌و پاوە ‌و كرماشانەوە هەتا مەرگەوەر ‌و ورمێ، لە سنە ‌و مەریوان ‌و سەقزەوە هەتا مەهاباد، شاربەشار و گوندبەگوندی كوردستان، بە هەنگاوی بەبڕشت ‌و ئیرادەی پۆڵایینی خۆتان نیشانتان دا كە كوردستان مەكۆی شۆڕشێكی پێشكەوتنخوازانە ‌و ئیمڕۆیی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ‌و هەمیشە سەنگەرێك بۆ بەرخۆدان ‌و سەرهەڵدان لە پێناوی بەرەوپێشبردن ‌و پەرەپێدانی رەوتی ئازادی ‌و دێموكراسی لەم ناوچەیەدا بووە ‌و دەبێت.
حێزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران ‌و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی سەركەوتنتان لە دەرخستنی ورەی بەرزی شۆڕشگێڕانە ‌و یەكیەتیی نەتەوەیی گەلی كورددا ، سپاسی دەروەستی ‌و خۆڕاگریتان دەكا ‌و نیشانەكانی نەورۆزی ئەمساڵ دەكەنە هەوێن ‌و رێنوێنی رێكخستنی خەباتی رزگاریخوازنە بۆ بە ئاكام گەیاندنی رەوتی تێكوشانی رەوای مافخوازانەی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران.

جارێكی دیكە سپاس لە یەكڕیزی، بوێری ‌و هەڵوێستی نەتەوەییتان.

سەركەوێ جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵكی كوردستان لە پێناوی وەدیهێنانی مافە رەواكانیاندا

ـ حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران

ـ كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران

٤ی خاكەلێوەی ١٣٩٢ی هەتاویی

٢٧١٣ی كوردی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر

توجه:فقط اعضای این وبلاگ می‌توانند نظر خود را ارسال کنند.