هەر وەک له هەواڵ ڕاگەیاندنەکاندا هاتووه
ڕژیمی ئیسلامی زەخت و گوشاری بۆ سەر بنەماڵەی حسێن پەناهی له جاران زۆر توندتر
کردووەتەوه. له ڕۆژانی ڕابووردوودا ٣ کەسی دیکە لەم بنەماڵەیه له لایەن ئیتلاعاتی
ڕژیمەوه گیراون. هەروەها ئەندامانی بنەماڵە بانگ دەکەنه ئیتلاعات و بەشێکی زۆریان دەسبەسەر
کراون. دایک و باوکی بەساڵاچووی ئەو بنەماڵەیه هەموو ڕۆژێ بانگ دەکرێنە ئیتلاعات و
ئازار و ئەشکەنجه دەدرێن. له لایەن ئیتلاعاتەوه هەڕەشەی ئەوەیان لێ کراوه که دەبێ
خاکی کوردستان چۆڵ بکەن. ئێستا مەترسی ئەمە له گۆڕێدایه بنەماڵەی حسێن پەناهی بۆ
شوێنە دوورەکانی دەرەوەی کوردستان دوور بخەنەوه. شایانی
باسه زیاتر له ٦ ساڵه ڕژیم دەست لە بنەماڵەی حسێن پەناهی هەڵناگرێ و له هیچ جۆره
پیلان و تاوانێک دژی ئەندامانی ئەم بنەماڵەیه دەستی نەپاراستووه.
ئێمه لەگەڵ ئەوەیدا پشتیوانی خۆمان له
بنەماڵەی حسێن پەناهی دەردەبڕین و ئەم کردەوەیەی دەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی
ئیسلامی مەحکوم دەکەین. ڕژیمی ئیسلامی خۆی یەکێکه له واژۆکەرانی جاڕنامەی جیهانی
مافی مرۆڤ بەڵام له ماوەی دەسەڵاتیدا هیچکام له بەندەکانی ئەم جاڕنامەیه نەماوه که
پێشێلی نەکردبێ. مافی ژیان و هەڵبژاردنی ئازادانەی شوێنی ژیان سەرەتاییترین مافی
هەر مرۆڤێکه. هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا و بنەماڵەی حسێن پەناهی مافی بێ ئەملاولای
خۆیانه له هەموو بەها و بایەخەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و مودێڕنی سەردەم بەهرەمەند
بن.
جێی خۆیەتی هەموو حیزب و ڕێکخراوه سیاسی و
مدەنی و پارێزەرانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان، نووسەران، ڕووناکبیران،
کەسایەتییەکان و تێکۆشەرانی دێرین و به گشتی کوردەکانی نێشتەجێی وڵاتانی دەرەوه، پشتیوانی
خۆمان له بنەماڵەی حسێن پەناهی دەربڕین و نەهێڵێن به تەنیا بکەونەوه و دەنگی ئەم
بنەماڵەیه به کۆڕوکۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ و حیزب و پاڕلمانتاره ئازادیخوازەکانی
جیهان بگەیەنین. با هەموومان یەکگرتووانه پێکەوه ئەم پیلانەی ڕژیمی ئیسلامی پووچەڵ
بکەینەوه و نەهێڵێن بنەماڵەکان بخاته ژێر گوشار و له کوردستان ڕایانگوێزێ.
٢٩/١/٢٠١٣